هۆکاری سیاسی لەپشت دیارنەمانی مامۆستایەکی زانکۆی مەهابادە

14:57 - 6 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی یەکێک لە ئەندامانی پێشووی لێژنەی زانستیی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ـ لقی مەهاباد، نادیارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دکتور مەنسوور سۆهرابی لەماڵەکەی خۆی چۆتە دەرەوە و هەتا ئێستا هەواڵێک لەچارنووسی لەبەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ دوو مامۆستای دیکەی زانکۆی ئازادی شاری مەهاباد کۆتاییەکانی گەلاوێژی ١٣٩٢ لە وانە وتنەوە بێبەری کرابوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ چوار رۆژ دەچێت کە ئەو مامۆستایە دیار نییە.

\"22329.jpg\"
دکتور مەنسوور سۆهرابییەکێک لە ئەندامانی پێشووی لێژنەی زانستیی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ـ لقی مەهاباد
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە، دکتور مەنسوور بە بەردەوامی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری مەهاباد کراوە و ئەوەشی خستۆتەڕوو:\"زانکۆی ئازادی مەهاباد ساڵی پێشوو لەسەر بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات ئەو مامۆستایەیان دەرکردبوو، کە لەو کاتەوە وەزارەتی ئیتلاعات لەهەوڵی رازی کردنی دکتور مەنسوور بەمەبەستی هاوکاری لەگەڵ ئەو ناوەندەدا بووە\".

بەوتەی دۆستان و نزیکەکانی دکتور سۆهرابی، دیارنەمانی ئەو مامۆستایە \"سیاسییە\" و دەستی ئیدارەی ئیتلاعات لەپشت ئەو مەسەلەیەوەیە و ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەش ئاگاداری رەوشی ئەو هاووڵاتییەیە.

مەنسوور سۆهرابی، بڕوانامەی دکتوڕای لە بواری کشت و کاڵدا هەیە و بە بەردەوامیش نووسراوە زانستییەکانی لە بڵاڤۆک و گۆڤارەکاندا بڵاو دەکردەوە.

سۆهرابی تەمەنی ٤٠ ساڵە و خێزاندار و باوکی منداڵیکە.

دەرکردنی ئەو مامۆستایە لەحاڵێکدایە کە وەزارەتی زانستی دەوڵەتی یازدەیەم، باسی لەپێکهێنانی کۆمیتەیەک بە مەبەستی گەڕاندنەوەی مامۆستا و خوێندکارە دەرکراوەکان بۆ زانکۆ و خوێندن کردبوو.

لە قۆناغی ناسراو بە \" شۆڕشی فەرهەنگی دەیەی شەست\"، هەزاران کەس لەزانکۆکانی ئێران بە هۆی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکییەوەلەسەر دەرکران و بەشێکیش خانەنشین کران.