هۆکاری سووتانی دارستانەکانی چیای شاهۆ تۆپباران راگەیەندراوە

15:59 - 23 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو رۆژ لەمەوبەر دارستان و لەوەڕگەکانی چیای شاهۆ لەشارستانی سەوڵاوا لەئاگردا سووتان و هۆکاری ئەو ئەگرکەوتنەوەیە تۆپبارانی هێزە حکوومەتییەکان راگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی ئاگادار، هێزەکانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە بێ هۆکارێکی روون بەشێک لەچیای شاهۆ لەدووری ٦٠ کیلۆمیتری چیای شاهۆیان داوەتە بەر تۆپ و خۆمپارە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ دارستان و لەوەڕگەکانی زنجیرە چیای شاهۆ درانە بەر تۆپباران.

سەرچاوەکە زانیاری وردتریشی درکاندووە و ئاشکرای کردووە، خۆمپارەکان لەجۆری ١٢٠ میلیمیتری بوون.

هەتا ئێستا هۆکاری ئەو تۆپباران و خۆمپارەبارانکردنەی هێزەکانی سوپای پاسداران نەزانراوە.

پێشتریش هاووڵاتیانی ناوچە کوردنشینەکان و بە تایبەتی دانیشتوانی ئاواییەکانی نزیک لەدارستان و لێڕەوارەکان بە بەردەوامی باسیان لەوە دەکرد کە ئاگرکەوتنەوەکان بە ئەنقەست روو دەدەن و لە زۆر لەحاڵەتدا هێزە خۆجەییەکانی سەربە سوپا دەستیان تێیدا هەیە.

بەوتەی چەند کەسێک لەدانیشتوانی ناوچەی سەوڵاوا، لە ئاگرکەوتنەوەکانی رۆژی یەکشەممەی چیای شاهۆ کە لەنزیک ئاوایی زۆم رووی دابوو، خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی بەو ناوچەیە گەیشتبوو.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەلایەن دانیشتوانی ئاواییەکانی زۆم، روار، سلنێن، ئەسپەرێز، هەروەها ئەنجوومەنی سەوزی چیا لەمەرێوان و ئەنجوومەنێکی دیکەی ژینگەپاریزی شاری سنە کۆنترۆڵ کراوە.