هۆشداری دانی ئیتلاعات سەبارەت بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە گوندەکانی مەریوان

15:01 - 13 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بە بانگهێشت کردنی شۆرا و دێهیارانی گوندەکانی سەر بەم شارە، دەیەوێت پێش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لەو گوندانە بگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جاری دووهەم ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، شۆرا و دێهیاری گوندەکانی \"نەنە\"، \"نێ\" و \"باڵک\"ی بانگهێشت کردووە و داوای کردووە، خۆیان لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز ببوێرن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شۆرا و دێهیارانی گوندەکانی \"نەنە\"، \"نێ\" و \"باڵک\" داواکارییەکەی ئیدارەی ئیتلاعاتییان ڕەت کردۆتەوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، هەڕەشەی کردووە، لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز شۆرا و دێهیارانی ئەم گوندانە بەرپرسیارن.

لەگەڵ نزیک بوونەوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز ئیدارەی ئیتلاعات لە کوردستان، بە دەسبەسەرکردن، بانگهێشت و هەڕەشە کردن لە هاووڵاتییانی کورد، هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو جێژنە نەتەوەیییە بگرێت.

ساڵی ڕابردوو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی \"نەورۆزی جامانەکان\" رێکخست، کە لەگەڵ پێشوازییەکی بەرچاوی خەڵك بەرەوڕوو بووەوە.