هۆكارەكانی بەفەرمی نەناسینی خەتی \"بریل\"‌ی كوردی+وتووێژ لەگەڵ داهێنەرەکەی

15:28 - 30 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی گشتیی خاوەنداریەتیی پیشەیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دژایەتیی لەگەڵ بەفەرمی ناسینی خەتی \"بریل\"‌ی كوردی كە لەلایەن چالاكێكی فەرهەنگی كوردی خەڵكی شاری بۆكانەوە دروست كرابوو، دەربڕی و رێگری لەتۆمار كردنی كرد.

دوابەدوای دژایەتیی فەرهەنگستانی ئەدەب و زمانی فارسی لەگەڵ نووسین و خوێندن بە زمانی زگماكی كەمینە نەتەوەكان لەئێران و پەرچەكرداری چالاكانی فەرهەنگی ـ سیاسیی كوردستان لەو پەیوەندییەدا، ئەو جارە ناوەندێكی دیكەی حكوومەتی ئیسلامیی رێگری لەتۆمار كردنی \"ئەلفوبێ\"‌ی كوردی كە بە مەبەستی رێزگرتن لە نابینا كوردەكان دروستكراوە، خۆی بوارد.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بەمەبەستی زیاتر بایەخ دان بە زمانی كوردی و روونكردنەوەی لایەنە جۆراوجۆرەكانی ئەو دژایەتیی كردنە دیمانەیەكی كورتی لەگەڵ \"عەزیز خانە\" چالاكی فەرهەنگی شاری بۆكان و داهێنەری خەتی \"بریل\" كە تایبەت بە نابینا و كەم بیناكانە، پێكهێنا.

\"18429.jpg\"
عەزیز خانە، داهێنەری خەتی بریلی کوردی
عەزیز خانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە بەرنامەی ئیدارەی گشتیی خاوەنداریەتیی پیشەیی كە سەر بە ئیدارەی زانیاریی داهێنانە، هاتووە، هەر رێگەیە كە شێوەیەكی نوێ‌بێت و خزمەت بە كۆمەڵگا بكات داهێنان ئەژمار دەكرێت، بەڵام هەر ئەو ئیدارەیە ٩ جار بیانوویان بە من گرتووە و هەر جارە و شتێكیان پێم وتووه.

داهێنەری خەتی بریلی کوردی گوتیشی:\" بۆ دوایین جار لە ٢٣ی مانگی سەرماوەزدا بە شێوەیەكی بەڵگەمەند داهێنانەكەم بۆ ناردنەوە، بەڵام جێگای سەرسووڕمانی ئەو پرسە لێرەدایە كە ئەو ناوەندە لەماوەی یەک كاتژمێردا وڵامی منیان دایەوە و وتیان ئێمە ناتوانین خەتی \"بریل\"‌ی كوردی تۆمار بكەین چونكە كەموكۆڕی هەیە\".

ئەو چالاكە فەرهەنگییە لەپەیوەندیی داهێنانی ئەو خەتەدا ئەوەی خستەڕوو، ئەوە بۆ یەكەمجارە شێوە خەتێكی لەم چەشنە دروست دەكرێت و من هەوڵم داوە بە هەر چوار زاراوەی زمانی كوردییەوە ئەو \"ئەلفوبێ\"‌یە بۆ نابینایان و كەم بینایان دروست بكەم.

خانە لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا باسی لەوەش کرد؛ \"ماوەی سێ ساڵ ‌بە بەردەوامی كارم لەسەر ئەو شێوە خەتە كردووە و لەماوەیەدا ٧٣ كتێبی چیرۆكم لەزمانەكانی ئینگلیزی، فارسی و ئاڵمانییەوە وەگێڕاوەتە سەر خەتی \"بریل\"‌ی كوردی.

خانە ئاشكراشی كرد، ئەو داهێنانە لەلایەن ئیدارەی بهزیستی شاری بۆكانەوە تەئید و پشتڕاست كراوەتە، بەڵام ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆكان هیچ بایەخێكی بەو بەرهەمەی من نەداوە.

عەزیز خانە لەوڵامی پرسیاری ئاژانسی كوردپا، كە ئایا ئەو رێگرییە پێوەندیی بە دژایەتیی فەرهەنگستانی زمانی فارسی لەگەڵ زمانی زگماكیەوە هەیە، گوتی: ئەگەری ئەوەیە هەیە ئەو رێگری كردنەی ئیدارەی گشتیی خاوەنداریەتیی پیشەیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی ئەو ناوەندەدا بێت، بەڵام لەوبارەیەوە هیچ شتێكیان بە من نەوتووە.

ئەو مامۆستایەی قوتابخانەی \"استثنائی(تایبەتی)\"ی لالەی بۆكان ئاشكراشی كرد، لە دەرەوەی ئێران بۆ تۆمار كردنی خەتی \"بریل\" پێوەندیم پێوە گیراوە و ئەگەر لەئێران نەتوانم تۆماری بكەم، ئەگەری ئەوە هەیە بۆ تۆمار كردنی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم.

عەزیز خانە لەدایکبووی شاری بۆكان و خاوەنی بڕوانامەی بارهێنانی \"ناشنەوایان(نابیستەکان)\"ـە و لەساڵی ١٣٨٤وە لە بنكەی بارهێنانی میرزا رەشید شافعی لەشاری مەهاباد سەرقاڵی وانە وتنەوە بە قوتابیانی نابینا و نابیست بووە و سەرەتاكانی ئەمساڵیش چۆتەوە شاری بۆكان و لەوێ وانە بە قوتابییانی (کەم زەین) دەڵێتەوە.