هووشەنگ عوسمانی: هەواڵی بە هەڵە کوژرانی خوشکەکه‌م لە ماڵپەڕی BBC بە درۆ دەخەمەوە

20:03 - 30 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هووشەنگ عوسمانی برای ئەوین عوسمانی کە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەزبەر بەدەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران کوژرا، هەواڵی ماڵپەڕی بی‌بی‌سی لەمەڕ بە هەڵە کوژرانی خوشکەکەی، رەت دەکاتەوە.

برای ئەوین عوسمانی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: نازانم \"ماڵپەڕی بی‌بی‌سی \" چۆن ئەم قسەی منیان وەر گرتووە، دەنا من پێم گوتوون کە چوارکەس بە ماشێنێکی شەخسیی بێ پلاکەوە هاتنەوە بەردەم ئێمە و ئێمەش لە ترسا گەڕاینەوە کە دەستبەجێ تەقەیان لە ئێمە کرد و و تەقە کردنەکەشیان ئەنقەست بوو، چونکە ئەوان ئێمەیان بینی کە ئێمە هاووڵاتیی مەدەنین \".

هووشەنگ عوسمانی باسی لەوەش کرد، ئێمە بە سواری ماشێنی سەوارییەوە تەنیا ٥٠٠ میتر لە ماڵی خۆمان کە لەسەر رێگەی مەریوان و بانە هەڵکەوتووە، دوور بووین کە ئەوان تەقەیان لە ئێمە کرد.

برای ئەو کچە کوژراوە گوتیشی: \"ئێڤینی خوشکم بڕیاربوو رۆژی هەینی ئەم حەفتەیە لەگەڵ دەزگیرانەکەی بەناوی \"مەسعوود مودەریسی\" ژیانی هاوبەش پێک بێنێت.

هەروەها رزگار عوسمانی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عوسمانی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"پێم سەیرە کە بی‌بی‌سی ئەو قسەی کردووە، دەنا ئەو کچە بە دەستی ئەنقەست لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراوە\".

ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا کە رەوتی پەروەندی کوژرانی ئێڤین بە کوێ گەیشتووە، گوتی: \"هێزە چەکدارەکان لەلایەن حیفازەتی هێزە ئینتزامییەکانەوە چەند جارێک ئێمەیان راسپاردووە کە بچین بەلای پەروەندەکەیەوە، بەڵام ئێمە پێمان راگەیاندوون کە پاش تەواوبوونی سەرەخۆشی، بە یارمەتیی پارێزەر بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە دەکەین\".