هونەرمەند یەدۆڵڵا موحەممەدی ڕێزی لێ‏گیرا

12:15 - 14 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنە، گۆرانییەکانی هونەرمەندێکی کورد سانسۆر دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگیی و مەدەنیی شاری سنە، سەردانی ماڵی یەدۆڵڵا موحەممەدییان کرد و ڕێزیان لەو هونەرمەندەی کوردستان گرت.

لە دیداری ڕۆژی ڕابردووی ئەو کۆمەڵە کەسەدا، ئەو هونەرمەندە گلەیی لە دۆخی ژیانی خۆی کرد و گوتی: \"لە ژیانمدا تووشی چەرمەسەریی و کۆسپی زۆر هاتووم و لە ژیانی ئێستام زۆر ناڕازیم\".

\"29453.jpg\"
یەدۆڵڵا موحەممەدی
یەدۆڵڵا موحەممەدی لەو کۆبوونەوەیەدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرهەنگیی و هونەریی پارێزگای کوردستان و یەک لەوان، بەڕێوەبەری گشتیی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی سنە، ڕایگەیاند: \"سەرەڕای چالاکیم لە بواری مۆسیقادا، ئەوڕۆکە دەنگ و ڕەنگی سنە بە بێ‏هۆ، سترانەکانم سانسۆر دەکات و ئاهەنگەکانم بە بێ دەنگم بڵاو دەکاتەوە\".

بەرپرسی ئەو ناوەندەش لەو دانیشتنەدا، ئۆباڵی ئەو دۆخەی کە هونەرمەند تێی‏کەوتووەی خستە ئەستۆی ڕوانگەی فەرهەنگیی کۆمەڵگا و، دەوڵەتی لەو بەستێنە بێبەری کرد.

ئەو هونەرمەندە لەم دوو دەیەدا بەهۆکاری ماڵی، لە بیاڤی مۆسیقی کوردی بەدوور بووە.

گورانیبێژی \"بم بەخشە\" دۆخی ژیانی خۆی بەم هونراوەی مامۆستا هەژار شوبهاند؛
کەوتە ناو گێژی خەیاڵان و خەمان           
مان ئەگەر وا بێ چ شیرینە نەمان

ئەو دیدارە لە لایەن \"انجمن تجلیل از مفاخر کردستان\"ەوە ڕیکخرابوو و خەڵاتی ئەو ناوەندەش درا بە یەدۆڵڵا موحەممەدی.

تەمەنی ئەو هونەرمەندە، ئێستا ٦٠ ساڵە و لە لایەن کەسانی وەک حەسەن کامکار و حەسەن کەسایی، فێری مۆسیقا بووە.

لەرزانە، فەریدە، وەختە گیان و دڵ و... لە بەناوبانگترین گورانییەکانی یەدۆڵڵا موحەممەدین.

یەدۆڵڵا موحەممەدی کە لە یەکەمین کەسەکانی ئۆرکێسترای ڕادیۆ تارانە، ٧٨ ئاهەنگی تۆمارکراوی لە دەزگای شوور و ماهووردا هەیە.

ناوبراو كە خاوەنی سێ كچە، مامۆستای خانەنشین‏کراوە و ئێستا لە گەڕەکی قەرادیانی(قەرەیان) سنە لەگەڵ هاوسەری‏دا دەژی.

وێنە: بەختیار سەمەدی

\"29458.jpg\"

\"29459.jpg\"

\"29460.jpg\"