هونەرمەندێکی کرماشانی بە ئامێرێکی نوێ، مەقامە کوردییەکانی زیندوو کردەوە

15:10 - 6 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرهەمێکی مۆسیقای بێ گۆرانی، کە لە مۆسیقا و میلۆدیی مەقامە کۆنە کوردییەکانی ناوچەی سنە و کرماشان وەرگیراوە، لە قاڵبی ئەلبۆمێکدا بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەرسەلان پالیزبان هونەرمەندی کوردی خەڵكی کرماشان بەرهەمێکی مۆسیقای بێ گۆرانیی، کە تێکەڵیک لە ئاهەنگی مەقامە کۆن و مۆسیقا رەسەنەکانی کوردستانە، بەرهەم هێنا.

ئەو ئەلبۆمە لە دوو دەزگای \"بەیات\"ی ئیسفەهان و \"ئەبوو عەتا\" بەرهەم هاتووە، کە سەرجەم ١٨ پارچە مۆسیقای رەسەنی کوردی لە خۆ گرتووە.

ئەرسەلان پالیزبان، ئاهەنگی ئەو ئەلبۆمەی بە ئامێریک بە ناوی \"شەیدا\" کە داهێنانی خۆیەتی، لێداوە.

حەیرانی کوردی، سوار سوار سوار و سەحەری، کە بە مۆسیقا کۆنەکانی ناوچەکانی کوردستان دادەندرێن، لەلایەن ئەرسەلان پالیزانەوە کاری دانانی مۆسیقاکەی بۆ کراوە.

ئەو بەرهەمە، مەقامە کۆنە کوردییەکانی میلۆدیی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، مۆسیقای شادی ناوچەکانی هەورامان و کەلهوریی کرماشان و مەقامی شێخ ئەمیری لە خۆ دەگرێ.

ئەڵبۆمی مۆسیقای بێ گۆرانیی \"ئاوای وەسڵ\" لەلایەن دامەزراوەی فەرهەنگی مۆسیقای \"نەوای ئەرغەنوون\"ـەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئەرسەلان پالیزبان ساڵی ١٣٤٦ لە شاری کرماشان لەدایک بووەو لەلای مامۆستایانی دیار و ناسراوی ناوچەی کرماشان فێری ژەنینی ئامێری تەنبوور بووە.