هونەرمەندێکی پەیکەرتاش بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەریوان کرا

20:23 - 9 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی پەیکەرتاش خەڵکی شاری مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لێپڕسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، هونەرمەندێکی پەیکەرتاش بە ناوی \"عەدنان قادری\" خەڵكی گوندی \"یەنگجە\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرا.

هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەم هونەرمەندە پەیکەرتاشە کوردە دروست کردنی پەیکەری شەریف باجوەر بووە و ئەم هونەرمەندە کوردە پاش چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە.

چەند ڕۆژ پێش، ئەم هونەرمەندە کوردە پەیکەرتاشە لەگەڵ ئارام بامداد خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان، بۆ ڕێزگرتن لە کار و چالاکییەکانی شەریف باجوەر لە بواری پاراستنی ژینگە هەوڵی دروستکردنی پەیکەری ناوبراوی دابوو.

ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارەدا گیانیان لەدەست دا.