هونەرمەندانی مەهابادی پشتیوانی لەمنداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە دەکەن+وینە

14:53 - 25 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بۆ پشتیوانی لە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە، نوقسانی جەستیەیی و زەینی و بێ سەرپەرست، پیشانگەیەکیان کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ٣٠ هونەرمەندی مەهابادی، بەرهەمەکانی خۆیان لە بواری نەققاشی، گرافیک، پیشەی دەستی و خۆشنووسی‌دا لە تەلاری وەحدەتی شارەوانیی مەهاباد کردەوە، کە بەشێک لە داهاتەکەی بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە تایبەتییەکان تەرخان دەکرێت.

ئەو پیشانگەیە، کەلە ژێر ناوی \"یاد\"دا کراوەتەوە، ٥٠٠ بەرهەمی هونەریی ئەو ٣٠ هونەرمەندە کوردەی خەڵکی مەهابادی لەخۆ گرتووە.

پیشانگەی یاد، کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە کراوەتەوە، سیمای کەسایەتی و هونەرمەندانی کورد، دیمەنی سروشت، کەلووپەلی جوانکاریی ناوماڵ، جۆرەکانی جلوبەرگی ژنان و پیاوانی کورد لە قاڵبی تابلۆدا خراونەتە بەر دیدی هاووڵاتییان و بۆ ماوەی ٢ حەفتە لە دوو شیفتی بەیانیان و سەرلە ئێوارندا کراوە دەبێت.

دەگوترێت، بەشێک لە داهاتی فرۆشی کەلووپەلەکان و پیشە دەستییەکانی ئەو پیشانگەیە، بۆ ئەنجومەنی پشتیوانی لە منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، نوقسانی جەستەیی و زەینی و بێ سەرپەرستی شاری مەهاباد سەرف دەکرێت.

بەرپرسی پیشانگەی یاد رایگەیاندووە، ئەم پیشانگەیە بەمەبەستی برەودان بە فەرهەنگ، داب و نەرتی جوانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و پشتیوانی لە منداڵانی نوقسان و بێ سەرپەرستی ئەم شارە کراوەتەوە.
\"19321.jpg\"

\"19322.jpg\"

\"19320.jpg\"

\"19318.jpg\"

\"19317.jpg\"

\"19323.jpg\"

\"19319.jpg\"

\"19328.jpg\"

\"19329.jpg\"

\"19324.jpg\"

\"19326.jpg\"

\"19325.jpg\"