هونەرمەندانی سەلاسی باوەجانی و پاوە كۆڕێكی هونەرییان بەڕێوەبرد

15:32 - 26 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: هونەرمەندان و گۆرانبێژانی سەلاسی باوەجانی و پاوە، بەشدارییان لە كۆڕێكی فەرهەنگی ـ هونەریی شاری کرماشان‌دا كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەدرێژەی بەرنامەكانی\" لەسەر فەرهەنگ و هونەری كوردستان\" كە لەشارەكانی ئوستانی كرماشاندا بەڕێوە دەچێت، هونەرمەندانی شارەکانی سەلاس و پاوە كۆڕێكیان بەڕێوە برد.

رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو، \"هۆڵی ئینتزار\"‌ی شاری كرماشان خانەخوێی هونەرمەندان و شاعیرانی شارستانی سەلاسی باوەجانی كرد.

رێوڕەسمەكە بە پیشاندانی كورتە فیلمێک لەسەر شوێنە گەشتیاری و دڵڕفێنەكانی سەلاس دەستی پێكرد و دواتر بە خوێندنەوەی شێعر و بابەتی خەسارە فەرهەنگییەكان درێژەی كێشا.

چڕینی هۆرە لەلایەن ئەحمەد سەفەری، سیاچەمانە لەلایەن سالم عوسمانی، گۆڕانی، دەف ژەنی سەید حەسەن هاشمی، شێعر شیوا ئەیازی و داوود نەزەری، و هەروەها نواندنی شانۆ و بەڕێوە بردنی پێشانگای هەنەری و تابلۆنووسی لە گرینگترین بڕگەكانی ئەو رێوڕەسمە بوون.

سەلاسی باوەجانی بە ناوەندیەتیی شاری تازاوا، یەكێک لەشارستانەكانی ئوستانی كرماشانە و دوو هەزار ٥٠٠ كەس حەشیمەتی لەخۆ گرتووە و بە هۆی نیشتەجێ‌بوونی سێ‌تایفەی \"باوەجانی، قوبادی و وەلەد بەیگی\" ناوی سلاسی لێنراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لەشاری پاوە لە هەورمانات، شەوە شێعرێک بە بەشداری ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندان بەڕێوە چووە.

بەرنامەی فەرهەنگ و هونەر رۆژی رابردوو لەئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری پاوە بە بەشداری هونەرمەندانی وەک محەممەد رەشید ئەمینی، فایەق لوتفی، مۆئمێن پەزدانبەخش، باقی شەفیعی، ئەكرەم حەسەنزادە بەڕێوە چوو، کە تیایدا شادیە مەقرووزی و ژیلا هلاكوو نوێترین بەرهەمی ئەدەبی و هونەری خۆیان پێشكەش كردووە.

شمشاڵ ژەنی و هەروەها بەڕێوەبردن و نواندنی مۆسیقای رەسەن دوو بڕگەی دیكەی رێوڕەسمەكە بووە.

پێشتریش شارەكانی جوانڕۆ، سونقور، گیلانغەرب و ... بەرنامەی فەرهەنگی و هونەرییان بەڕێوە بردبوو.
\"20542.jpg\"

\"20543.jpg\"

\"20544.jpg\"

\"20545.jpg\"

\"20546.jpg\"