هوشداری هێزە لیباس شەخسییەکان بە کرانەوەی دوکانەکانی مەریوان

21:51 - 16 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گرانبوونی لە سەدا ١٥ نرخی دوکانەکانی یەکێک لە پاساژەکانی شاری مەریوان، دوکاندارن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دوکانەکانیان داخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کاسبکاران و دوکاندارانی پاساژی خورشیدی زرێبار لە شاری مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە گرانبوونی نرخی دوکانەکانی ئەو پاساژە دوکانەکانیان داخست.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"کاتژمێر ٥ی ئێوارە دوکاندارن بە هۆی گرانیی کرێ دوکانەکان لە بەردەم بینای پاساژی خورشیدی زرێبار مانیان گرت و هێزە لیباس شەخسییەکان بە توندی هوشداریان بە دوکاندارەکان دا بۆ کردنەوەی دوکانەکانیان\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە لیباس شەخسییەکان بە توندی هۆشداریان بە دوکاندارنی پاساژی خورشیدی زرێبار داوە لە ئەگەری بەردەوام بوون بە داخرانی دوکانەکان، لەگەڵ هەڵسوکەوتی یاسایی بەرەڕوو دەبنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە، بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی:

سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد.