ئه‌دبیاتی منداڵان له‌ هه‌مایشێك له‌ جوانڕۆدا تاوتوێ كرا

15:20 - 2 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: هه‌مایشێك له‌ژێر ناوی \"تاوتوێی ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورد\" له‌ شاری جوانڕۆ به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپا، ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بیست و هه‌شته‌می خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌مایشی \"تاوتوێی ئه‌دبیاتی منداڵانی كورد\" به‌ هه‌وڵی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی خانای قوبادی و دامه‌زراوه‌ی فه‌رهه‌نگیی چرای هزر به‌ ئاماده‌بوونی چالاكانی فه‌رهه‌نگیی بیاڤی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان له‌ شاره‌كانی جوانڕۆ، پاوه‌ و ڕوانسه‌ر له‌ جوانڕۆ به‌ڕێوه‌ چوو.

\"29048.jpg\"
له‌م هه‌مایشه‌دا چه‌ن كۆپله‌ شێعر، وتار و توێژینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌شداربووانی هه‌مایشه‌كه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا.

له‌م هه‌مایشه‌دا شاعیران و نووسه‌رانی كورد له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیاندا هێمایان كرد بۆ كێشه‌كانیان له‌ بواری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان و ڕه‌خنه‌یان له‌ پێشوازی نه‌كردنی خه‌ڵك له‌ كتێبی كوردی منداڵان گرت.

هه‌روه‌ها ڕێپۆرتاژێكی وێنه‌یی له‌مه‌ڕ چالاكییه‌كانی گرووپی مووسیقای \"دیلان\" له‌ بواری كاری و چالاكی بۆ منداڵان پیشان درا و ڕێز له‌ كار و چالاكییه‌كانی ئه‌م گرووپه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی ناسر كه‌ریمی گیردرا.

له‌ كۆتایی هه‌مایشه‌كه‌دا پانێلێك بۆ دوكتۆر مه‌حیه‌دین موحه‌ممه‌دخانی، عه‌بدولناسر ئه‌حمه‌دی و فه‌ریدوون میر ئه‌حمه‌دی به‌ڕێوه‌ چوو.

فه‌ریدوون میرئه‌حمه‌دی یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی ئه‌م پانێله‌ له‌ وتووێژێك له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی كوردپا ڕایگه‌یاند: ئه‌م هه‌مایشه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و وتارێك له‌م پێوه‌ندییه‌دا له‌ لایه‌ن جه‌ببار شافێعیزاده‌وه‌ پێشكه‌ش كرا.