هاوژین و دایکی چالاکێکی مەدەنیی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە دان

14:40 - 29 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاوژین و دایکی چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"مادیح فەتحی\" هاوژینی سەحەر کازمی چالاکی مەدەنیی دەسبەسەر کراوە خەڵکی شاری سنە و دایکی ناوبراو بە ناوی \"مەهوەش ئەمیری\" ماوەی ٥ ڕۆژە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دان.

یەکێک لە نزیکانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، داوای لە هاوژین و دایکی سەحەر کازمی کردووە کە بۆ وڵامدنەوەی هێندێک پرسیار سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکەن و پاش چوونی ئەوان بۆ ییدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی مادیح هاوژینی سەحەر کازمی و دایکی ئەو چالاکی مەدەنییە کورد هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی ئەوان هەتا ئێستا بە ناروونی ماوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"مادح فەتحی\" هاوژینی \"سەحەر کازمی\" چالاکی مەدەنیی دەسبەسەر کراوی خەڵکی شاری سنە و دایکی ناوبراو بە ناوی \"مەهوەش ئەمیری\" پاش بانگهێشتیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە گوازرانەوە.

خەزەڵوەری ساڵی ڕابروو، مادح فەتحی هاوژینی ئەم چالاکە مەدەنییە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە‌بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووتە سەر ماڵی \"سەحەر کازمی\" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

سەحەر کازمی لەم گرتووخانەیەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە تەلەفوون و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.