هاوژینی خوالێخۆشبوو مامۆستا ڕەبیعی داوای مافویستی کرد

15:10 - 13 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هاوژینی خوالێخۆشبوو مامۆستا رەبیعی لە ساڵڕۆژی تێرۆری ناوبراودا داوای ڕوونکردنەوەی دۆسیەی قەتڵی ناوبراو دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"عایشە مەفاخری\" هاوژینی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا مۆحەممەد رەبیعی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٢١ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری مەلا محەممەد ڕەبیعی، داوای لە ویژدانە نەخەوتووەکانی کۆمەڵگە کرد دەنگی ناوبراو بن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، دوای ٢١ ساڵ لە قەتڵە زەنجیرەییەکان سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر بە ئاکامێک نەگەیشتووین، ئێمە بەردەوام دەمانهەوێ ئەو دۆسیە ڕوون بێتەوە.

هاوژینی خوالێخۆشبوو مامۆستا رەبیعی جەختی کردووەتەوە کە چاوەڕوانی ویژدانە خەبەردارەکانین هاوکاریی ئێمە بکەن و داوامان لە یاسازانان و ئازادیخوازان هەیە یارمەتیدەرمان بن.

مەلا محەممەد ڕەبیعی ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی \"دراسپ\" سەر بە شاری دیواندەرە چاوی بە دنیا هەڵێنا و لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی خوێندنەوەی قورعان لە پاکستان بەشداری کرد، دوای عەبدولباسیت، قاڕیی بەناوبانگی خەڵکی میسر پلەی دووهەمی بە دەست هێنا، ناوبراو سێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی دەزانی و کۆمەڵێک شێعر و نووسراوەی چاپ کردووە و سەرجەم ٥٠ بەرهەمی نووسراوەی هەیە.

مامۆستا ڕەبیعی پاییزی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی وەک پێشنوێژی هەینی مزگەوتی جامیعی ئیمام شافعی کرماشان هەڵبژێردراو و لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە چوارچێوەی قەتڵە زەنجیرەییەکانی حکوومەتی ئێراندا تێرۆر کرا.