٢٢ هاووڵاتی لە شاری سەقز دەستبەسەر کران

23:23 - 1 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری سەقز زیاتر لە ٢٠ چالاکی مەدەنییان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکان لە حەوتووی ڕابردوودا، لە شاری سەقز، زیاتر لە ٢٢ هاووڵاتیی کوردیان بە هۆی \"ئەندام بوون و پڕوپاگەندە\" بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامی، دەستبەسەر کردووە کە هەتا ئێستا هێندێک لەو هاووڵاتییانە لە زینداندان.

زیاتر لە نیوەی دەستبەسەر کردنەکان، ڕۆژی سێ‏شەممە لە هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر گەڕەکی \"شاناز\" لە شاری سەقز ڕووی‏داوە.

سەرچاوەیەکی هەواڵ لە شاری سەقز بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندان، هێندێک لەو هاووڵاتییانە لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە ئەمنیەتییەکاندا، بۆ گوندەکانی دەوروبەری شار ڕایانکردبوو، بەڵام دواجار دەستبەسەر کرابوون\".

ئەو سەرچاوە ئەوەیشی پشتڕاست کردەوە کە زۆربەی دەستبەسەر کراوەکان لە چالاکە مەدەنییە ناسراوەکانی شاری سەقزن.
پێشتر هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکانی بە ناوی \"نادر مەجیدیان\" ڕاگەیاندبوو.

شوناسی هێندێک لە دەستبەسەرکراوەکان، بە ناوەکانی عەلی دارایی(فەرشاد)، سامان ڕەببانی، هوشیار حەیدەری بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە، بەڵام بەشێک لەو کەسانە کە لە ماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کرابوون، بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزراون و بە ٢٢ کەس هەژمار کراون.

هێزە ئەمنیەتییەکان بەبێ حوکمی قەزایی و بە بەکار بردنی \"توندوتیژی و بەزۆرەملی\" چوونەتە ماڵی دەستبەسەر کراوەکان.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، ناوی یەکێک لەو
کەسانە بەرچاو دەکەوێت کە مامۆستای زانکۆی پەیام نووری شاری سەقزە، بەڵام بە هۆی دڵنیانەبوون لەو هەواڵە، ئاژانسی کوردپا لە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کەسە خۆی دەبوێرێ.
سەبارەت بە چۆنیەتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی کورد لە شاری سەقز، یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکی شاناز ڕایگەیاند: \"ئەو ئێوارەیە کە مەئموورانی ئیتلاعات هێرشیان هێنایە ماڵی ناوبراون، بەشێکی زۆر کەرەسە و وەسایلی وەکوو پرینتێر و کامپیۆتێریان کۆکردەوە و بردیانن\".

دەستبەسەرکردنەکان لە شاری سەقز، هاوکاتە لەگەڵ بارودۆخی ناسەقامگیری ئەو شارە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی ئێران لە ٧ی ڕەشەممە، کە بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، سیاسەتی بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان لەپێش گرتووە.