٤٠ هاووڵاتی لە بۆکان دەستبەسەر کران

15:54 - 17 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەیان هاووڵاتیی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، ٤٠ هاووڵاتیی شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیه.
هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای حکوومەتی ئێران ئەو هاووڵاتییە کوردانەیان لە ماڵی خۆیاندا و لە شوێنە گشتییەکان دەستبەسەر کردووە.

ئەو دەستبەسەرکراوانه لە کاتی دەستبەسەرکرانیان دروانەتە بەر سووکایەتی و لێدان.

کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە؛ مەلا \"حەسەن\" پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی گوندی قازلیانی شاری بۆکان، وێڕای چەند کەس لە فەقێکانی و هەروەها چەند فەقێی دیکەی مزگەوتی گوندی کۆسەی بۆکان دەستبەسەر کراون.

شوناسی هەندێک لەو هاووڵاتییانە بە \"موختار و محەممەد میکانیک، کەماڵ، بێهزاد، بارام و هیوا ئاسوار\" ڕاگەیەندراوە.

تا ئێستا تۆمەتی ئەو هاووڵاتییانە ناڕوونە، بەڵام دەگوترێت کە بە تۆمەتی چاڵاکیی مەزهەبی و بەشداری لە گرووپە وەرزشی و شاخەوانییەکاندا دەستبەسەر کراون.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.