٣٥ هاووڵاتیی کورد بە ٥٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کران

15:14 - 11 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ١١٢ی دادگای کەیفەری ٢ی کۆمەڵەی بەهەشتی شاری ورمێ، حوکمی ٥٢٠ ساڵ زیندانی بە سەر ٣٥ هاووڵاتیی کورددا سەپاند.

٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، دادگایی کردنی ٦٤ کەس لە ناڕازیانی ڕووداوی قوتابخانەی \"راە شهدا\" لە گەڕەکی ئیسلامئاوای شاری ورمێ لە لقی ١١٢ی دادگای کەیفەری ٢ی کۆمەڵەی بەهەشتی ئەم شارە بە تۆمەتی وەک \"بەشداری لە ڕووخان و ئاگردانی کەرەستەی دەوڵەتی، بەشداری لە ئاگردانی کەرەستەی تایبەتی، دروست کردنی بێنەزمی، بێڕێزی بە مەئموورانی دەوڵەتی لە کاتی خزمەت کردن، ئاگردانی بەڵگەنامە دەوڵەتییەکان، سەرپێچی کردن لە بەرانبەر بڕیاری مەئموورانی دەوڵەتی لە کاتی خزمەت کردن، تەنگ پێهەڵچنین و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و هەڕەشە کردن لەوان بە چەک\" بەڕێوەچوو کە تێیدا ٢٩ کەسیان لەو تۆمەتە باس کراوانە بە بێتاوان و ٣٥ کەسیان لەگەڵ سزای قورس بەرەوڕوو بوونەوە.

\"تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان\" بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: \"ناڕازییانی دەسبەسەرکراوە بۆ ماوەی سێ هەتا یەک مانگ لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای ورمێدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و دواتر بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراون. لە نێو دەسبەسەرکراوەکاندا بێجگە لە دوو کەس بە ناوەکانی \"سەفدەر عەبدوڵلاهی\" و \"ئەحمەد جەهانگیری\"، هەموویان بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، پاش دەستدرێژی جینسی دەرگاوانی ئەو قوتابخانەیە بۆ سەر یەکێک لە کچە قوتابییەکانی کورد لە قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی شارۆچکەی ئیسلامئاوای شاری ورمێ، هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئەو شارۆچکەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو هەوڵەی دەرگاوانەکە، لە بەرانبەر قوتابخانەی کچانە، کۆبوونەوە و قوتابخانەکەیان ئاگر دا.

ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان هاووڵاتییانی ناڕازی ئەو ڕووداوەیان، بە \"ئاژاوەگێڕ\" وەسف کرد، کە لەژێر کاریگەریی هەواڵی درۆیینەی هێندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای خەسارگەیاندن بە کەرەستەی گشتیی، ئاگریان لە قوتابخانەکەش بەرداوە و بەشێکی ئەو قوتابخانەیە لە نێو چووە\".