٢ هاووڵاتیی کورد بەهۆی هەورەتریشقە و خنکانەوە گیانیان لەدەست دا

23:03 - 7 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دەوروبەری شاری بۆکان بەهۆی بەرکەوتنی هەورە تریشقەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی جۆزەردان هاووڵاتییەک بەناوی \"ئەبووبەکر ئەحمەدی\" خەڵکی گوندی \"وشتەپە\"ی سەربە شاری بۆکان بەهۆی بەرکەوتنی هەورەتریشقە بووە قوربانی.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە رایانگەیاندووە، کە رۆڵەکەیان لە کاتێکدا کە بە مۆبایل سەرقاڵی قسە کردن بووە، هەورە تریشقەی بەرکەوتووە و بەتوندی تووشی سووتان هاتووە و پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانە بەهۆی زۆریی سووتانەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی هەوالدەریی \"ئیرنا\" بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی جۆزەردان لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی ئەیوان کە لەگەڵ ٢ هاوڕێی خۆی لە قەراخ بەنداوی \"سەرتەنگ\"ی سەربە شاری ئەیوان سەرقاڵی راوە ماسی بوون، بەهۆی کەتنە نێو ئاوی ئەو بەنداوە و ئاشنا نەبوونی بە مەلە کردن گیانی لەدەست دا.