٥ هاووڵاتیی پیرانشاری بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران

10:26 - 23 رەشەمه 2721

ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەشەمە، ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەنوەر شێخە"،"ڕەحیم عەلیزادە"،"محەممەد قادرپوور"،"ڕەحمان قادری" و "ناسر بایەزیدی" خەڵکی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو ٥ هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراون.

ئەو ٥ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردەیان بە "ئەندامییەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، "ئەنوەر شێخە" خەڵکی گوندی "پەسوێ" سەر بە پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری ورمێ، کرابوو.

ئەنوەر شێخە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحیم عەلیزادە" کوڕی مەلاکەریم، "محەممەد قادرپوور" کوڕی عەلی، "ڕەحمان قادری" کوڕی کەریم و "ناسر بایەزیدی" کوڕی حەمزە، خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان بۆ زیندانی نەغەدە گوێزرابوونەوە.

وێنە: ئەنوەر شێخە، محەممەد قادرپوور و ڕەحمان قادری