٧ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ئێعدام و حەبسی درێژە ماوە مەحکووم کران

15:27 - 7 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ هاووڵاتییەکی شنۆیان بە ئێعدام و شەش هاووڵاتیی دیکەشیان بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدام و سەرجەم ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ ٧ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بڕیەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تاوانبار و مەحکووم کردووە.

شوناسی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە و ماوەی حوکمەکەیان لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بەم شێوەی خواروە ڕاگەیەندراوە:

١- هیدایەت عەبوڵاپوور، مەحکووم بە ئێعدام
٢-حاسل عەزیزی، ٢٥ ساڵ زیندان
٣- محەممەد زاهیر فەرامەرزی، ٢٠ ساڵ زیندان
٤-یەعقووب بائیکرام ، ١٥ساڵ زیندان
٥-جەلال مەسرووری، ١٥ ساڵ زیندان
٦- کەماڵ مەسرووری، ١١ ساڵ زیندان
٧- سدیق بائیکرام، ١٠ سال زیندان

ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\" سەر بە شاری شنۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوان.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە گوندی\"قەرەسەقەل\" ٦ پێشمەرگەی ئەو حیزبە شەهید بوون و ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسدارنیش لەو شەڕەدا کوژران.

پێشتریش، ٥ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە تۆمەتی\" ئەندام بوون و لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری شنۆوە بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر و دۆسیەسازی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە دەیان ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

هەواڵنێری کوردپا شوناس و حوکمی تەعزیری ئەو هاووڵاتییانەی بەم شێوەیە ڕاگەیاند:

١-سابیر ڕەسووڵ پوور ئاڕنایی کوڕی ئیسماعیل لە چوار جار دادگایی کردن سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
٢- ڕەزا عێزت تاج کوڕی مستەفا ١٩ ساڵ زیندان
٣-محەممەد عەبدوڵڵاهی کوڕی عوسمان به ١٢ ساڵ و شەش مانگ زیندان
٤-فارووق شەفاهی کوڕی ئیبراهیم ١٧ ساڵ زیندان
هەر لەو دۆسیەدا ناوی هاووڵاتییەکی دیکە هاتووە بە ناوی
٥- وەلی شەریفی کوڕی ڕەحیم بە ٢٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها لە دادگایەیکی دیکە بێ‌تاوان ناسرابوو.