هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز ئێعدام کرا

13:19 - 23 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: سێهەمین هاووڵاتیی کورد لە مانگی سەرماوەز، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەراغە لە سێدارە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ڕۆژی دوو شەممە ٢٢ ی سەرماوەز، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە زیندانی ناوەندی شاری مەراغە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات بەڕێوەچوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی\"سلێمان کاکەڵا نژاد\" تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی هاشم ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٣ ساڵە خێزاندارە و کچێکی تەمەن چوار ساڵانی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، سلێمان بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویەوە دەستبەسەر و لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە لقی دادگای شاری ئینقلابی شاری مەراغە لەلایەن دادوەر \"غەفاری\" بە ئێعدام مەحکووم کرا بوو.

دادگای ئینقلابی شاری مەراغە ناوبراوی بە تاوانی هەبوونی ١ کیلۆ و ٥٠ گرەم کراک بە ئێعدام مەحکووم کردبوو.

ناوبراو لە کاتی دادگایی کردنیدا ئەو تاوانەی ڕەت کردبۆوە و گووتبووی کە ئەو ماددە هی ئەو نەبووە.

لە لایەکی دیکەوە یەکێک لە هاودۆسیەکانی سلێمان بە ناوی\"یووسف بەخشودە\" خەڵکی شاری دیواندەرە لەگەڵ سلێمان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرا بوو، بەڵام حوکمی ئێعدامی ئەو بەڕێوەنەچوو.

ئاماری تومار کراو لە ٢٢ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئاژانسی کوردپا،دەریدەخات کە ئەمە سێهەمین حاڵەتی ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی کوردە کە لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕیوە دەچێت.