هاووڵاتییەک: "ئەندامانی سپای پاسداران لە ناوچەی سەقز سەرقاڵێ چەتەیین"

16:01 - 6 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: چوار کەس لەدەست وپێوەندییەکانی سپای پاسداران لەناوچەی گەورکی سەقز بە بەردەوامی رێگە بە هاووڵاتییان و کاسبکارانی کورد دەگرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی گوندی مێرگەنەخشینەی سەربە ناوچەی گەورکایەتیی سەقز، لە شەوانی حەفتەی رابردوودا چوار کەس لە دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسداران لە نزیک ئەو گوندە رێگەیان بە کاسبکاران گرتووەو رێژەیەکی بەرچاو پارەیان لێ ئەستاندوون.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییەی دانێشتووی گوندی مێرگەنەخشینە، ئەو چوار کەسە چەکی قەرارگای سپای پاسدارانی گوندی \"میرەدێ\"یان پێیە و لەهیچ چەشنە رێگری و جینایەتێک بەدژی هاووڵاتییان سڵ ناکەنەوە.

هەروەها لە شەوانی حەفتەی رابردوودا، منداڵێکی خەڵکی گوندی مێرگە نەخشینەیان بە بارمتە گرتووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی ٥٠ میلیۆن تمەن پارە لە بنەماڵەکەیدا، ئەمنداڵەیان ئازاد کردووە.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی مێرگەنەخشینە، ناسنامە و شوناسی دوو کەس لەو ئەندامەی سپای پاسدارانی \"ب. ق\" و \"ل. س\" راگەیاندووە.

دەگوترێ کە ئەم کارەی ئەندامانی سپای پاسداران ترس و دڵەراوکێی لای هاووڵاتییانی ناوچەی گەورکی سەقز دروست کردووە.