هاووڵاتییەک: كۆمەڵێک كەسی هەلپەرست لە شاری بانە ٨٠٠ داریان بڕی+وێنـە

15:54 - 14 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: لەشاری بانە و دەورووبەری ٨٠٠ بن داری گەورە لەلایەن كەسانی نەناسراو و كڕیارانی زەوییەوە فەوتێندراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بەوتەی هاووڵاتییەک، بڕینی ئەو دارانە سەرەڕای ئەوەی کە ناڕەحەتیی هاووڵاتییانی لێ کەوتۆتەوە، خەسارێكی بەرچاوی بە ژینگە و سرووشتی ناوچەی بانە گەیاندووە.

هاووڵاتییان لەو باوەڕەدان، كەسانی هەلپەرەست و كڕیارانی زەوی و زار بەبێ‌ئەوەی گوێ‌بە ژینگەی كوردستان بدەن، بە مەبەستی بەرژەوەندی خۆیان دەستیان بە بڕینی دارەكانی ناوچەی بانە کردووە.

لەحاڵی حازردا لەشاری بانە و دەورووبەری یەک میتر زەوی وەرزێڕی بە ٢٠ هەزار تمەن مامەڵە دەکرێت‌و ئەو زەمینانەش بە مەبەستی دروست كردنی بینا و خانووبەرە بەكار دێن.

هەر لەو پێوەندییەدا ئیدارەی رێگاوبانی شارستانی پاوە دەستی بە بڕینی بەشێک لەدارەكانی دەورووبەری نەوسوود كردووە و ئەو هەوڵەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار دارانەی كە لەلایەن ئیدارەی رێگاوبانەوە بڕدراون، رەز و باغی هاووڵاتیان بووە و هەتا ئێستاش تێچووی ئەو خەسارەیان پێ‌نەداونەتەوە.

بەپێی مادەی ٦ لەیاسای ئیمەنیی جادە و رێگا ئاسنەیەكان، ئیدارەی رێگاوبان تەنیا لەكاتێكدا دەتوانێ دەست بەبڕینی دار و دارستانەكان بكات، كە لە هەوڵی دروست كردنی شارێگاكاندا بێت.

بەوتەی چالاكانی ژینگەپارێز ئەو دارانەی كە لەسەر جادەی پاوە بۆ شارۆچكەی نودشە لەلایەن ئیدارەی رێگاوبانی پاوەوە بڕدراون، هیچ كێشەیەكی بۆ جادەكە دروست نەكردبوو، و تەنانەت ئیدارەی ژینگە پارێزیی ئەو ناوچەیەش ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

وێنـە: وێبلاگی \"خبر شهر\"

\"17665.jpg\"

\"17666.jpg\"

\"17664.jpg\"

\"17662.jpg\"