هاووڵاتییەک کە لەهەوڵی بەشداری لە پرسەی باوکیدا بوو، بەدەستی سوپای پاسداران بووە قوربانی

14:31 - 3 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوجانییان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و برینداریان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی شیخ سەڵەی سەربە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بەناوی عەبدوڵڵا ئەیازی و کوڕی رۆستەم، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژ بە دەستی چەکدارانی سوپای پاسداران بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپا راگەیاند؛ عەبدوڵڵا ئەیازی لە ناوچەی \"هۆکانی\" سەرقاڵی کاسبی کردن بووە، لە کاتێکدا هەواڵی مردنی باوکی پێگەیشتبوو، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ئەسپەردە کردنی باوکیدا، بە خێراییەکی زۆر و بە ماشین بەرەو گوندی شێخ سەڵە گەڕابوویەوە، کە بەبێ هۆکارێکی روون لەلایەن چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، عەبدوڵڵا ئەیازی بەهۆی دەستڕیژی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە ناوشانی بریندار بووەو سەرەڕای برینداربوونیشی، نەچووەتە نەخۆشخانە و لە پرسەی باوکیدا بەشداریی کردووە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران، خێرایی (سرعت) ماشێنەکەی عەبدوڵڵا ئەیازییان بۆ هۆکاری تەقە کردنەکەیان گەڕاندۆتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە عەبدوڵلا ئەیازی لە ناو جادەکەدا تەقەی لێکراوە.

بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ژمارەیەکی زۆری هێزی چەکداری سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە ناوچەی \"هۆکانی\" لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق جێگیر کراون و رۆژانە بەبێ هۆکارێکی روون تەقە لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەکەن.