هاووڵاتییەک لە کوردستان دەستبەسەر کرا

14:44 - 29 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەریوان لە لایەن یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەتی _ نیزامییەکان لە کوردستانی ئێران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەریوان بە ناوی \"سۆران ڕەشیدی\"یان دەستبەسەر کرد.

مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوەیکە بە مەبەستی سەفەر سەردانی کوردستانی عێراق دەکات، لە گەڕانەوەدا لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر دەکرێت.

لە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیه.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سازمانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات، زۆرترین دەستبەسەرکردنی سەڕەڕۆیانە و نایاساییان لە شارەکانی ئێران لەئەستۆ بووە و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنەکان، بە مەبەستی نەدرکاندنی هەواڵی دەستبەسەر کردنی ڕۆڵەکانیان، کەشێکی تەژی لە ترس و خۆف بۆ بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان دروست دەکەن.