هاووڵاتییەک لە ژێر ناوی پاراستنی نامووس خوشکەکەی خۆی کوشت

15:59 - 31 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی لاو کە خاوەنی منداڵێکیش بووە، لە شاری سەردەشت لە ژێر ناوی \"پاراستنی نامووسی\" لەلایەن براکەیەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣٠ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەک لە شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی نامووسییەوە خوشکەکەی خۆی کوشتووە.

شوناسی بکوژەکە بە\"شوانە موعین\" ڕاگەیەندراوە و هەروەها ناوی ئەو ژنە لاوە بە\"شنۆ موعین\" خێزانی فواد قەنادییان ڕاگەیەنراوە.

ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەدوێنی شەممە، لە گەڕەکی فەرهەنگیانی شاری سەردەشت ڕوویداوە.

دڵشا موعین بە سیلاحی گەرم ٧ فیشەکی بە خوشکەکەیەوە ناوە و لە ئاکامدا ئەو ژنە لاوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

قەتڵی نامووسی وەکوو دیاردەیەکی دزێوی نێو کۆمەڵگا دواکەوتووەکان، بە یەکێک لە توندوتیژترین کردارەکان دژ بە ژنان لە قەڵەم دەدرێت، کە بە بیانووی\"پاراستنی شەرەف و نامووس\" ژنان دەبنە قوربانی، کە ئەم دیاردەیە لە هێندێک لە ناوچە کوردنشینەکان زیاتر بەرچاو دەکەوێت.

ژیانی عەشیرەیی و گوندنشینی، کە هێزی دەست و مچەکی پیاو بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان بەسەر ژناندا زاڵە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ژن بەردەوام بخرێتە پەراوێزەوە و بەم هۆیەوە لە کۆمەڵگەی خێڵەکی‌دا ژنان چاو لەدەست و گوێ لەمستی پیاوانن و لە ئەنجامیشدا دەبێتە جۆرێک کۆیلە بوونی ژنان.