هاووڵاتییەک لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرا

14:09 - 5 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سەردەشت بە ناوی\"ئیدریس ئیسماعیل زادە\" لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: ئیدریس لە پارکی منداڵ(کودک)ی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە قۆڵبەست کراوە.

\"\"
ئیدریس ئیسماعیل زادە
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنیەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تاوانی چالاکی سیاسی لە ڕێگای یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ لێدان و ئازار و ئەشکنجەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی بەرەوڕوو بووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد و دروست لە مەڕ شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە سەردەشتییە لە بەردەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگادار بوون لە هەمبەر چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

\"\"
ئارەش دادخا بۆکانی
هەر لە پەیوەندیی لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، حەوتووی ڕابردوو، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە شاری مەهاباد هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"ئارەش دادخا بۆکانی\" بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپا لە شاری مەهاباد کاتژمێر ١ی نیوەشەو، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و دەستبەسەریان کردووە.

هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان لە کوردستان لە سێ مانگی ڕابردوودا لانیکەم نزیک بە ٨٠ هاووڵاتیی کوردیان بە تاوانی سیاسی و ئەمنیەتیی لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەر کردووە.