هاووڵاتییەک لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان ئێعدام کرا

14:36 - 4 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەری بەیانی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان، زیندانییەک لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان بە تۆمەتی\"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە سێدارە درا.

شوناسی ئەو زیندانییە ئێعدام کراوە بە\"مێهران ئەشرەفی\" ڕاگەیەنراوە.

مێهران ئەشرەفی لە لایەن دادگای ئنقلابی شاری کرماشان بە ئێعدام مەحکووم کرا بوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو زیندانییە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە ساڵی ٩١ی هەتاوی لە زیندان دا بووە و دوو ڕۆژ پێش ئێستا حوکمی لە سێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە.

پاش هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دادگاکانی ئینقلاب، بەرپرسایەتی زۆربەی ئێعدامەکانی لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا لە ئەستۆ بووە و دادوەرەکانی دادگاکانی ئینقلاب وەکوو کەسانێک کە لە دەسەڵاتی یاسایی کەڵکی نابەجێ وەردەگرن، ناسراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئاماژەی بە پێشێلکردنی ١٢٩٠ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا کردووە.