هاووڵاتییەک: سپای پاسداران لەناوچەی سەردەشت ٣٠٠ بنکەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری شیشەی ئاوا کردووە + وێنـە

15:50 - 11 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەربڵاو لەناوچەی سەردەشت ماددەی هۆشبەر دروست دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژومارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە شاری سەردەشت و ناوچەکانی \"رەبەت و نەڵاس\"ی سەربەو شارە، لە ٣٠٠ بنکەدا ماددەی شیشە بەرهەم دێنن.

\"17175.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ سەرجەمی ئەو کەسانە کە لەو بنکانەدا کاری بەرهەم هێنان دەکەن، چەکی سوپای پاسدارانبیان پییە و هاووڵاتییان بە هێچ شێوەیەک ناتوانن رێگرییان لێ بکەن و تەنانەت سکاڵاشیان لەسەر تۆمار بکەن.

سەرچاوەکە گوتیشی: دروست کردنی ماددەی هۆشبەر لە ئاستێک دایە کە تەنانەت لە شاری سەردەشتەوە لەلایەن ئەندامانی سپای پاسدارانەوە بۆ شار و ناوچەکوردنشینەکان و تەنانەت سەرجەم ئێرانیش هەناردە دەکرێت.

ئەم کردەوەی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نیگەرانی و ترسی لە رادەبەدەری هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سەردەشتی لێکەوتۆتەوە و تەنانەت سەرجەم ناوەندە حکوومەتییەکانیش لەمەڕ ئەو دیاردەیە بێ دەنگییان نواندووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا رێبوار ئەحمەدزادە یەکێک لە چالاکانی خەڵکی شاری سەردەشت لە وتارێکدا کە بۆ ئاژانسی کوردپای ناردبوو، باسی لەوە کردبوو \" ئێستا لە جێگەی سرووشتی سەرسەوز و جوان، ماددەی هۆشبەر \"شیشە\" بۆتە ناسنامەی شاری سەردەشت\".

هاووڵاتییانی سەردەشتی لەو باوەڕەدان هەنووکە شاری سەردەشت گەورەترین ناوەندی کڕین و فرۆشتنی ماددەی شیشە لە وڵاتی ئێرانە کە لەوێوە بۆ سەرجەم شارەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراق هەناردە دەکرێت.
\"17166.jpg\"

\"17170.jpg\"

\"17169.jpg\"

\"17167.jpg\"