هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بانە بریندار کرا

10:19 - 3 رێبەندان 2721

ڕۆژی هەینی ١ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وریا حەسەنی"، خەڵکی بانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە توندی بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان لە کاتی ڕاودوونانی ماشینی هاووڵاتییەکی دیکە بوونە کە بە دوای تەقەکردنی نایاسایی ئەو هێزانە، وریا حەسەنی لە سەیرانگای سورێنی بانە بە توندی بریندار کرا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "لەو ڕووداوەدا سێ گولـلە وەبەر شان و پشتی ئەو هاووڵاتییە کەوتووە".

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستە ڕوو کە وریا حەسەنی بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی بانە ڕاگوێزرا و هەتا ئێستا بێهۆشە و پزیشکان بارودۆخی گشتیی ناوبراویان نالەبار ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە ٢٩ ساڵ تەمەنی هەیە و خاوەن منداڵێکە.