هاووڵاتییەک بە تۆمەتی \"هەوڵدان بۆ ڕووخانی حکوومەت\" لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا

13:01 - 23 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوانیان بە تۆمەتی\"هەوڵدان بۆ ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"موزەفەر لوتفی\" تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"بێڵەوەر\"ی شاری مەریوان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان موزەفەر لوتفییان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕووخانی حکوومەت و پڕوپاگەندە دژی نیزام دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە دڕیژەدا ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە کوردە، بێئاگاهی خۆیان لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تەنانەت شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو ڕاگەیاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، بە ناوی \"هەڵمەت فرووغی\" خەڵکی گوندی \"بێورانی خوارێ\" سەر بە شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێیەوە دەسبەسەر کرا.