هاووڵاتییەکی ئیلامی لە پەتی سێدارە ڕزگار کرا

20:08 - 22 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام کە پێنج ساڵ پێش بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێک، حوکمی قیساسی بە سەردا سەپابوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەکەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگار کرا.

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی \"ی.م\"، کە پێنج ساڵ پێش بە هۆی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکەوە بە توانی قیساسی نەفس حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپابوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە ئێعدام ڕزگار کرا.

بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئیلام لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"تەسنیم\" ڕایگەیاند: بە نێوبژیوانیی پیاوماقوڵان و ڕدێن سپیان و ئەندامانی شۆرای چارەسەری کێشەکانی پارێزگای ئیلام، بنەماڵەی کوژراوەکە، بکوژی کوڕەکەیان بەخشی و لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

\"قیساس\" لە یاسای حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بۆ سزای کوشتنی بە ئەنقەست لە بەرچاوگیراوە و بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجێکردنی، یان بەخشینی ئەو حوکمە.

لێخۆشبوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە بکوژی کوڕەکەیان لە پەتی سێدارە، دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە ڕیزبەندی دووهەمین وڵاتانی جیهاندایە لە زۆرینەی ڕێژەی لە سێدارەدانی تێدایە.