هاووڵاتییەکی یارسانی لەکاتی سەردان بۆ مەجلیس دەستبەسەر کرا

20:59 - 31 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی یارسانیی خەڵکی شاری ساوە لە ئوستانی هەمەدان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری تاران دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی ئەشرەف رەحمانی هاووڵاتیی یارسانیی خەڵکی شاری ساوە لە ئوستانی هەمەدان، کە رێکەوتی ٢٨ی رەزبەری ساڵی رابردوو لەبەر دەم مەجلیس ئیسلامی دەستبەسەر کرابوو، ئەمڕۆ شەممە لە کاتێکدا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی گیرانەکەی سەردانی مەجلیسی کردبوو، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی دەستبەسەر کرا.

عەلی ئەشرەف رەحمانی یەکێک لەو کەسانەبوو، کە رێکەوتی ٢٨ رەزبەری ساڵی رابردوو لەگەڵ زیاتر لە ٨٠ کەسی ناڕزایی پەیڕەوی ئایینی یاری، کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی ناوەندە حکوومەتییەکان بە پەیڕەوانی ئایینی یاری لەبەردەم مەجلیس کۆببوونەوە، دەستبەسەر کرا.

هەروەها مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ برایەکی عەلی ئەشرەف رەحمانی بەناوی \"مێهرداد رەحمانی\"، بەهۆی فیلم هەڵگرتن لە خۆسووتاندنی \"نیکمەرد تاهێری\" هاووڵاتیی یارسانی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هاووڵاتییانی یارسانی، سەرەڕای ئەوەیکە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێراندا بە فەرمی وەکوو کەمینەیەکی ئایینی نەناسراون و بەردەوام وەکوو \"فیرقە(تاقم)\" ناویان هاتووە، لە ماوەی ١ ساڵی رابردوودا، دەیان جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتی و نیزامییەکانەوە بەرەوڕووی سووکایەتی کردن و لێدان و هەڕەشە بوونەتەوە.

سووکایەتی کردنی ناوەندە نیزامی و حکوومەتییەکانی ئێران لە هەمبەر هاووڵاتییانی یارسانی بە ڕادەیەک لە ئارادا بووە، کە ساێی رابردوو سێ هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یاری، کە دوو کەسیان کوردبوون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و سەربازێکی کوردیش لە پادگانی سوپای پاسداران، بەهۆی سووکایەتیی لێپرسراوانی نیزامییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.