هاووڵاتییەکی کورد پاش ١٥٢ ڕۆژ لە دەسبەسەری بۆ زیندانی مەریوان گوازرایەوە

14:51 - 11 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان پاش ١٥٢ ڕاگیرانی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، \"تەحسین دادڕەس\" خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"ی شاری مەریوان، پاش ١٥٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی و بێبەریبوون لە \"چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەر\" بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان گواسترایەوە.

یەکێک لە نزیکانی تەحسین بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێت\".

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەریدا، لە \"ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەر بێبەری بووە\" و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو بە بنەماڵەکەی، خۆیان بواردبوو.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کرا.