هاووڵاتییەکی کورد پاش ٣٤ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:40 - 4 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان پاش ٣٤ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە دانانی وەسیقە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، \"وریا فەرەجی\" تەمەن ٣١ ساڵ کوڕی عەبدوڵلا خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان پاش ٣٤ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە دانانی وەسیقەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ پووشپەڕ، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"هوشیار کەسرایی\" تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی ڕەشید لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە.