هاووڵاتییەکی کورد پاش لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ورمێ گوێزرایەوە

01:35 - 12 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد پەتاشی\" کوڕی محەممەد کەریم خەڵکی گوندی \"قەمتەرە\" سەر بە شاری پیرانشار، پاش تەواو بوونی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییەی شاری ورمێ کرا و ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بۆ تەواو کردنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، \"لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی\"، بێبەری بووە.