هاووڵاتییەکی کورد، پاش ٣٠ رۆژ لە گیرانی چارەنووسی نادیارە

21:22 - 21 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان پاش ١ مانگ لە دەستبەسەر کرانی، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی ١ مانگ پێش ئێستا لاوێکی کورد بە ناوی \"محەممەد بەهرامی\" خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان هیچ وەڵامێکیان لەلایە هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە پێ نەدراوەتەوە.

\"11503.jpg\"
محەممەد بەهرامی
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ١٢٣ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانس کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد و دۆخی ئەمنیەتیی شارەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.