هاووڵاتییەکی کورد پاش دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە

14:47 - 12 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی چەند قاتی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ئەبووبەکر عەبدوڵڵاپوور، باوکی فەرهاد ڕۆژانە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی فەمانداریی شاری شنۆ و دەزگای قەزایی دەکات، بەڵام هەتا ئێستا وڵامێکی ڕوونی لەو پەیوەندییەدا دەست نەکەوتووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"سەرەڕای بڕیاری کۆتاییی دەسبەسەرکرانی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، دۆسیەی ناوبراو ڕەوانە دادگا نەکراوە و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان پێشیان بە ڕەوتی یاسایی ئەو دۆسیەیە گرتووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، \"فەرمانداریی لە وڵامی سەردانە بەردەوامەکانی ئەبووبەکر عەبدوڵڵاپوور بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە، کە کوڕەکەی زیندوویە، بەڵام کەس ناتوانێت بیبینێت\".

ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵلاپوور زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێیە.