هاووڵاتییەکی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

11:06 - 20 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پەیمان سەڵەواتی" پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا "لە دەستپێڕاگەیستن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە هەنووکە لە بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.

پەیمان سەڵەواتی خەڵکی گوندی "سەڵوەت ئاوا" و دانیشتووی شاری سنەیە.