هاووڵاتییەکی کورد ١٥مانگ زیندانی بە سەردا سەپا

21:11 - 18 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی سەقز حوکمی ١٥مانگ زیندانی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"میلاد دلارا\" خەڵکی سەقز، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە ١٥ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە تۆمەتی \"بەشداری کردن لە پشتیوانیی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتی\" خراوەتە پاڵی.

ئەم هاووڵاتییە سەقزییە، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، لە کاتی بەشداری کردن لە گردبوونەوەکانی پشتیوانیی لە سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو.

لە لایەکی ترەوە، دۆسییەی دوو چالاکی کوردی خەڵکی سەقز، بە ناوەکانی \"منارە ئەڵڵاوەیسی\" و \"زەمانە زیویی\" خەزەڵوەری ئەمساڵ بە تۆمەتی \"بەشداری کردن لە گردبوونەوەکانی پشتگیری لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتی\" لە لایەن دادگای ئینقلابی سەقز بە لێدانی قامچی و سزای نەختی مەحکووم کراون، بەڵام ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە پەسەند نەکراوە.