هاووڵاتییەکی کورد لە کرماشان بەهۆی تەقینەوەی مین بووە قوربانی

17:00 - 18 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی \"نەوت‌شار\"ی سەربە شاری قەسری شیرین لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی شەڕی ٨ ساڵە نێوان ئێران و عێراق لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان کەسێک بەناوی \"ئەمیر عەلی‌پوور\" و خەڵکی شاری نەوت‌شار لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی مین لە قولاپە بەرەو خوارێ لاقی چەپی پەڕی.

ئەمیر عەلی‌پوور، کە کارمەندی دەزگای مین هەڵگرتنەوە بووە، لە کێڵگەی مینی ژمارە ٢٥ی شاری نەوت شار تووشی ئەو رووداوە بووە و بە توندی تووشی برینداری هاتووە.

پێشتر مەهدی فەکوور، مودیر عامیلی شیرکەتی نەوتیی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان باسی لە خاوێن کردنەوەی ٢٥ هێکتار لە کێڵگە مین‌ڕێژ کراوەکانی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق لە شاری نەوت شار کردبوو، بەڵام بە وتەی هاووڵاتییان تەنیا دەوروبەری چاڵە نەوتییەکان خاوێن کراونەتەوە.

ئوستانی کرماشان ٢٦٣ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عێراق هەیەو بەهۆی ئەوەی کە لە بواری نیزامییەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە، لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەی نیوان وڵاتی ئێران و عێراق، نزیک بە تێکڕای سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی عێراق مینڕێژ کراون و هەتا ئێستاش کێلگەکانی مین لە خاڵە سنوورییەکان بەدەست لێ نەدراوی ماونەتەوە.