هاووڵاتییەکی کورد لە کرماشان به هۆی دەستڕێژیەوە گیانی لەدەست دا

14:16 - 20 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٣٩ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی گوللەیەک لە شەقامی \"بازرگانی\" شاری کرماشان گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، جێگری کۆمەڵایەتیی هێزی ئینتزامی پارێزگای کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری مێهر ڕایگەیاند کە \"پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵ پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە\".
جێگری کۆمەڵایەتیی ئینتزامی کرماشان لەو بارەیەوە باسی لەوە کردکە \" ئەم پیاوە شۆفیری تاکسی بووە و بە هۆی دەستڕێژی لە سینگی، گیانی لەدەست داوە\".

تا ئێستا شوناسی بکوژی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕوون نیە و هەڵاتووە\".

ئاستی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە و بەرپرسانی پێوەندیداری حکوومەتی ئێران نیسبەت بەو پرسە هۆشداریان داوە.