هاووڵاتییەکی کورد لە شاری گیلان‌غەرب ١١ ساڵە لە چاوەڕوانی ئێعدام دایە

15:34 - 25 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری گیلان‌غەربی سەر بە پارێزگای کرماشان، ١١ ساڵ پێش بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی کەسێک، لە چاوەڕوانی ئێعدام کردن بە سەر دەبات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی ئەم هاووڵاتییە بە ناوی \"یەحیا فیروزی\" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی\" سێگان ئەولیا\" ڕاگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، یەحیا فیروزی ساڵی ٨٥ی هەتاوی، کە ئەو کات تەنیا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، تووشی ئەم ڕووداوە دەبێت.

لە یەکەم دانیشتنی دادگای کردنەکەیدا، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لە کوشتنی کەسێک لەگەڵ براکەی بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، دواتر ئەو تۆمەتە لە دیوانی باڵای وڵات بەشەریک بوون لەو قەتڵە گۆڕدرا و ناوبراو بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بنەماڵەی یەحیا فیروزی بە هۆی هەژاری و دەستکورتی، هەتا ئێستا لە مافی دیاری کردنی پارێزەر بۆ کوڕەکەیان بێبەش بوون.

ئێران وەکوو ئەندامی \"میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان\" و \"کۆنڤاسیونی مافی منداڵان\" بەرپرسیارە لە ئێعدام نەکردنی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و بە پێشێل کردنی ئەو ڕێککەوتنە، بە یەکێک لەو وڵاتانە بە ئەژمار دێت کە منداڵان ئێعدام دەکەن.