هاووڵاتییەکی کورد لە شاری نەغەدە دەستبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

16:28 - 1 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەست دانیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەغەدە ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن لیباس شەخسیەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە شوێنێکی کارەکەیدا دەستبەسەر کراوە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"ئەبووبەکر قادرپوور\"تەمەن ٥٣ ساڵ ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەدواچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە مەڕ شوێنی ڕاگیرانی بێ ئاکام ماوتەوە.

هەرەوەها هیچ زانیارییەک ورد و دروست سەبارەت هۆکار و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە بەردەستدا نیە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بە هۆی چالاکی سیاسی، مەدەنی، وێبلاکنووسی و ژینگەپاریزی دەستبەسەر کراون و لەو ڕێژەیەشدا ١١٩ کەس حوکمی زندانیان بۆ بڕدراوتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە هێزەکانی ئیتلاعات و نیزامیی و قوەی قەزاییە لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە هەژمار دێن.