هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە بانگهێشتی ئیتلاعات کرا

21:12 - 4 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی بانگهیشت و دەستبەسەر کرانی چالاکانی مەزهەبی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چالاکێکی مەزهەبی بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کوردی خەلکی شاری سنە، کە ئەندامی مەکتەب قورئانە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

ناوی ئەو چالاکە مەزهەبییە، سەعدی قوڕەیشی بووە، کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەرەوڕووی لێپرسینەوەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بووەتەوە.

\"20768.jpg\"
سەعدی قوڕەیشی، چالاکی مەزهەبی بانگهێشتی ئیتلاعات کرا
لەم پەویەندییەدا ماڵپەڕی مەکتەب قورئان، بڵاوی کردۆتەوە، ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئان لە شاری سنە، سەبارەت بە سنووردار کردنی چالاکییەکانی مەکتب قورئان بانگهێشت کراوە.

کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو سێ مامۆستای کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بەناوەکانی شۆڕش مستەفازادە، ئیبراهیم رۆستەمی و فەرەیدوون عەلیپوور و هەروەها مامۆستایەکی کوردی خەلکی شاری بۆکان بەناوی محەمەد سەرەایی، بەهۆی ئەندامەتی لە مەکتەب قورئان، لەئیدارەی پەروەردەی شارەكانی سەردەشت و بۆكانەوە لە مامۆستایەتیی قوتابخانەکان وەلا نران.

پێشتریش یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئان، لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو ، کە مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشەیان لەو چالاکە مەزهەبییە کردبوو، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ مەکتەب قورئان بپچڕێنێ.

پەیڕەوانی مەكتەب قورئان، كە پەیڕەوی لە قۆناغی سێیەمی رەوتی ئایینی بەپشت بەستن بە لێکدانەوەکانی ئەحمەد موفتی‌زادە لە کتێبە ئایینییەکانی ئیسلام چالاکی دەکەن و \"رێنوێنیی خەڵک بەبێ‌ بانگەشەی سیاسی\" بە ئەركی خۆیان دەزانن.