هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ورمێ بە تۆمەتی \"تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر\"، لەسێدارە درا

19:59 - 19 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ورمێ لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کوردیان جێبەجێ کرد که به \"تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر\" تۆمەتبار کرابوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، زیندانییەکی کوردی بەندکراو لە بەندی ١٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێ به ناوی \"یوونس عەزیزی\" ، تەمەن ٤٥ ساڵ، لە شاری نەغەدە لەسێدارە درا.

ئەم زیندانییە به تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە لایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە بە لەسێدارەدان مەحکووم کراوە و لە ساڵی ٩٥ەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا زیندانی بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی سەرماوەز، ئەم زیندانییە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ورمێ.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە تا ئێستا لە لایەن هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.