هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی میناب گیانی لەدەست دا

18:07 - 28 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە هۆی خوێنڕێژیی لەڕادەبەدەر و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە زیندانی میناب گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی هەینی رێکەوتی ٢٧ی رێبەندان زیندانییەکی کورد بەناوی \"محەممەد زینەتی\" کوڕی \"مەنسوور\" و خەڵکی گەڕەکی \"چەمی وڵی‌خان\"ی سەربە شاری سەقز، لە زیندانی شاری میناب تووشی خوێنڕێژیی \"مەعدە\" هاتووە و بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە تەمەنی ٣١ ساڵ و خاوەنی ژن و منداڵ بووە کە ٨ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تاوانی راگرتنی چەک و تەقەمەنی حوکمی زیندانی هەتا هەتایی بۆ بڕایەوە کە دواتر ئەو حوکمە لە داگای پێداچوونەدا پژڕاست کرایەوە و پاشان بۆ زیندانی شاری میناب لە \"پارێزگای هورموزگان\" دوور خرایەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی محەممەد لە ساردخانەی شاری میناب راگیراوە و رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هاوکات \"کەماڵ شەریفی\" رۆژنامەنووسی زیندانی کراوی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە لە زیندانی شاری میناب راگیراوە، تووشی نەخۆشیی گورچیلە و مەعدە هاتووە و هەتا ئێستا هێچ چارەسەرییەکی پزیشکی بۆ ئەنجام نەدراوە.

کەماڵ شەریفی ساڵی ١٣٨٧ لە شاری سەقز دەستبەسەر و لەلایەن دادگای شۆرشی ئەو شارەوە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣٠ سال زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی میناب کەم کرایەوە.