هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی لاکانی شاری ڕەشت ئێعدام کرا

20:57 - 11 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ڕەشت حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ‌یان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە ١٠ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ لە زیندانی ناوندەی شاری ڕەشت (لاکان) لە سێدارە درا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"سەلاحەدین پارت\" کوڕی حاجی ئەمین خەڵکی گوندی \"گڵان کانی\" شاری ورمێ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە ئێعدام کراوە، خێزندار و باوکی سێ منداڵ بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەلاحەدین پارت ساڵی ٢٩ی هەتاوی لەگەڵ خێزانەکەی شەهلا، دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

بەپێی هەواڵی ئەو تۆڕە مافی مرۆییە، ئەگەری لە سێدارەدانی شەهلاش لە ئارا دایە و هەروەها چەند کەسێکی دیکە لەو بنەماڵەیە بە هەمان تۆمەت بە ئێعدام مەحکووم کراون.

پێشتر، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەبارەت بە ئێعدام کردنی هاووڵاتییان ئێرانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووە، دادگاکانی ئینقلاب لە ئێران حوکمی ئێعدامی بۆ ٥٣٠ هاووڵاتیی ئێرانی بڕیوەتەوە و ئەو حوکمەش جێبەجێ کراوە.

بەپێی لێداوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش زۆربەی ئێعدام کراوەکان کەسانێک بوون کە بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر ئێعدام کراون.