هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی شاری بۆکان چارەنووسی ناڕوونە

14:57 - 25 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، لە گرتووخانەی شاری بۆکان، پاش ساڵێک دەسبەسەر بوون، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"جەماڵ یووسفی\" خەڵکی گوندی \"موشیرئاوا\" سەر بە ناوچە ئاڵەشینی شاری بۆکان، ماوەی ساڵێکە دۆخی ناڕوونەوە و هەتاکوو ئێستە دادگای نەکراوە.

ساڵی ڕابردوو (٩٥) ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.

ناڕوونی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە و داوای پێڕاگەیشتنی دۆسیەی قەزایی کوڕەکەیان کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، بە ناوی \"حوسێن ئیبراهیم حەمزە\" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی \"قەرەگۆل\" سەر بە شاری بۆکان، زیاتر لە ساڵێکە چارەنووسی لە زیندانی شاری بۆکان ناڕوونە و هەتا ئێستە ناوبراو دادگایی نەکراوە و دۆسییەکەی ڕەوتی ئاساییی قەزایی تێنەپەڕاندووە.