هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی بەندر عەباس ئێعدام کرا

15:40 - 9 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: زیندانی ناوەندیی شاری بەندەر عەباس جارێکی دیکە شایەتی ئێعدام کردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی دیواندەرە سەر بە پارێزگای کوردستان بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ‌شەممە ٧ی بەفرانبار، زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە کە بە تاوانی پەیوندییدار بە مادەی سڕکەر، حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابووەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری بەندەر عەباس سزاکەی جێبەجێ کرا.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، شوناسی ئەو زیندانییە کوردەی بە \"خالید جەوهەری\" کوڕی نامێق ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بەندەر عەباس، ساڵی ٩٠ی هەتاوی، ناوبراوی بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر لە نزێک گارکەیەکی بەرهەم هێنان دەستبەسەر و مانگی گەلاوێژی ٩١ی هەتاوی حوکمی ئێعدام کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی دابوو.

دادگای ئینقلاب خالید جەوهەری بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ١ کێلۆ و ٨٥٠ گرەم مادەی شیشە و هەروەها نیوکێلۆ کراک بە ئێعدام مەحکووم کردبوو.

ڕاگەیەنە فەرمی و خۆجێیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕووماڵ کردنی هەواڵی ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە ئێران خۆیان دەبوێرن.

ساڵی پار ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە لە پاش چین، ئێران دووهەمین وڵاتە لە بواری ئێعدامدا.